موقتەدا سەدر دوای پەیامەکەی بۆ بەشار ئەسەد هۆشداریی دەدات

 موقتەدا سەدر دوای پەیامەکەی بۆ بەشار ئەسەد هۆشداریی دەدات
رێبەری رەوتی سەدر هۆشداریی دەداتە سەرۆکی رژێمی سووریا و باسی چارەنووسی سەرۆکی لیبیا دەکات.



موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری شیعەمەزهەب لە وەڵامی پرسیارێکی لایەنگرانیدا، رایگەیاندووە، ئەو بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوونی بە هەمان چارەنووسی موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیا ”پەنا بە خوا“، داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریای کردووە.



موقتەدا سەدر هەروەها رایگەیاندووە، هەر بە تەنیا داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەشار ئەسەدی نەکردووە، بەڵکو پێشتریش داوای دەست لەکار کێشانەوەی عەبد رەبە هادی مەنسور، سەرۆکی یەمەن و حەمەد بن عیسا ئال خەلیفەی شای بەحرێنی کردووە.



رێبەری رەوتی سەدر جارێکی دیکە داوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی رژێمی سووریای کردووە، کە ئەو بە ”چارەسەرێکی گونجاو“ی دەزانێت بۆ کۆتایی هێنان بە مەرگەساتەکانی گەلی سووریا.



پێشتر لە رۆژی 8.4.2017، موقتەدا سەدر داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەشار ئەسەدی کرد و رایگەیاند، ”پێموایە باشترە سەرۆک بەشار واز لە دەسەڵات بهێنێت“ و کورسیی دەسەڵات رادەستی خەڵکی دیکە بکات ”پێش ئەوەی کار لەکار بترازێ“.



موعەمەر قەزافی، کە زیاتر لە 40 ساڵ سەرۆکایەتیی لیبیای کرد، لە 20.10.2011 کەوتە دەست چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی و دوای سووکایەتیکردن پێی و وێنەگرتنی سووکایەتییەکان پێی، کوژرا.



باسنيوز
Top