عەبادی: گەلی سووریاش هاوشێوەی گەلی عێراق کیمیاباران کرا و ئێمە لە بەرەی گەلی سووریاین

 عەبادی: گەلی سووریاش هاوشێوەی گەلی عێراق کیمیاباران کرا و  ئێمە لە بەرەی گەلی سووریاین
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە گەلی سووریاش هاوشێوەی گەلی عێراق کیمیاباران کرا.



بەپێی راگەیەندراوێک، کە رۆژی شەممە 8.4.2017 لە پەیجی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، عەبادی و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.



لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، عەبادی رایگەیاندووە، ”بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سووریا“ تاوانێکی ئیدانەکراوە و ”ئێمە لە بەرەی گەلی سووریاین“.



حەیدەر عەبادی پێیوایە لە سووریاش هاوشێوەی باشووری کوردستان و عێراق چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییان بەکارهێندراوە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە رووداوەکەی خان شەیخون دەکات.



رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخون‌ی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.



رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.



لە رۆژی 16.3.1988، فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسی عێراق شاری هەڵەبجەیان لە باشووری کوردستان بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، گیانیان لەدەست دا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.



باسنیوز
Top