قاسم سولەیمانی دەگەڕێتەوە عێراق
فەرماندەیی هێزی تایبەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دوو وێنەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانیی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، ”ئەو گەڕایەوە.. ئێستا لە عێراقە“.
ئەو فەرماندەییە، کە وەک زۆرینەی جومگە سەرەکییەکانی عێراق لەلایەن پێکهاتەی شیعەوە بەڕێوە دەبرێت، ئاماژەی بە رووداو و گۆڕانکاریی گەورە کردووە و نووسیویەتی، ”چاوەڕێی شتێکی گەورە بکەن.. بەمزووانە“.
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای سوننەمەزهەبی عێراق، قاسم سولەیمانی لەرێی حزبە شیعەکانەوە، عێراق بەڕێوە دەبات و فەرماندەیی هێزەکانی دەکات.
گەڕانەوەی ئەمجارەی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بۆ عێراق لە کاتێک دایە، کە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت و پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی لە دژی ئاڵای کوردستان دەرکرد.
رۆژی شەممە 1.4.2017، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لە سەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک بهێندرێتە خوارەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاووڵاتییانی کوردستان.
پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگا بەرز بکرێتەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، کە چەند ساڵێکە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرگریی لە کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکەن.
باسنیوز
