سەرۆکی ھۆزی جبوور: سەلیم جبووری بووەتە نۆکەری ئێران و لە ئێمە نییە
شێخ مەسروور ئەلجبووری، سەرۆک ھۆزی جبوور لە کەرکووک، ڕاگەیاند:ئێمە وەکوو ھۆزی جبوور، حاشا لە سەلیم جبووری دەکەین، بەھۆی ئەوەی لە یاسا و ڕیسای ھۆزەکەمان لای داوە و ئێستا بووەتە نۆکەری ئێران و ملکەچی بڕیارەکانی بووە و ئەو ڕەفتارەش کە ئەمڕۆ دەرھەق بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک نواندی، لە ڕەفناری کەسێکی عەرەبی ڕەسەن نەدەچوو، بەڵکوو لە ڕەفتاری کەسێکی شۆڤێنیی ڕەگەزپەرست دەچوو".
جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەگەر ئەو ئەوەندە ئازایە، با بڕوات بەرگری لەو خێزانە عەرەبانە بکات کە لە پارێزگای دیالەوە بەدەست چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە دەناڵێنن، نەک بۆ دڵنەوایی ئێران ئەم بڕیارە بدات".
سەرۆک هۆزی جبوور دووپاتی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ”نابێ دژایەتیی ئاڵای کوردستان بکەن، چونکە ئەگەر ئەو ئاڵایە نەبوایە، ئەوا ئەویش بە ئاسوودەیی نەدەژیا".
ئەم قسانەی سەرۆک هۆزی جبوور دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە 1/4/2017، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوێی لە خواستی پەرلەمانتارانی کورد نەگرت و هێنانەخوارەوەی ئاڵای کوردستانی لە کەرکووک خستە دەنگدانەوە.
باسنیوز
