کەسی دووەمی داعش کوژرا
بەپێی بەیاننامەیەکی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، کە رۆژی شەممە 1.4.2017 بڵاوی کردووەتەوە، ئەیاد حامد ئەلجومەیلی، وەزیری جەنگ و کەسی دووەمی داعش لە دوای ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی رێکخراوەکە، کوژرا.
یەکەی هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەیاد حامد ئەلجومەیلی لە شارۆچکەی قائیم لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق کوژراوە.
هەر لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا، جەمال دلێمیی ناوسراو بە ئەبو هاجەر، بەرپرسی سەربازیی داعش لە قائیم و سالم مزەفەر عەجمیی ناسراو بە ئەبو خەتاب، بەرپرسی ئیداریی داعش لە شارۆچکەکە کوژراون.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
