هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی موسڵی گرتە ئەستۆ
بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ، هێرشەکان لەسەر داوای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بووە بە مەبەستی لەناو بردنی چەکدارانی داعش، بەڵام خەڵکی سڤیل بووەتە ئامانج.
رووداو کە وەک یەکەم میدیا وێنەکانی گەیاندە جیهان، کاردانەوەیەکی خێرای دروستکرد ، میدیا جیهانییەکان داوای روونکردنەوە لە بەرپرسانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان دەکەن، هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لەپەرلەمانتاران کرد بەپەلە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو رووداوە.
دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆسەر ناوچەکانی بەری راستی شاری موسڵ ، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 200 کەسی سیڤیل بوونە قوربانی، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بۆسەر ئەو هێرشە لە میدیاکانی جیهان رەنگیان دایەوە.
هاوکات لەسەر ئاستی فەرمی وڵاتانی رۆژئاوا تاوەکو ئێستا هیچ لێدوان و کۆمێنتێک لەسەر رووداوەکە نەدراوە. جارێك بە کارەساتی مرۆیی ناو دەبرێت و جارێكی دیکە بە کوشتارگەی سەردەمە ناوەڕاستەکان.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا گوێی خۆیان لە هێرشەکە خەواندووە و رۆژنامەنووسان پرسیار دەکەن و دەڵێن: ئەگەر هێرشەکانی حەلەب تاوان بن، ئایا ئەوانەی موسڵ چین، هاوکات قەڵەم بەدەستان وشەکانیان ئاراستەی جیهانی رۆژئاوا کرد و رایانگەیاند: کاتێك کە رووسەکان هێرشیان کردە سەر حەلەب وڵاتانی رۆژئاوا تووڕە بوون، بەڵام کاتێک ئەمریکا تاوانی موسڵ ئەنجام دەدات، ئەوان بێدەنگ دەبن.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک رایگەیاندووە، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەو هەواڵانەی کە باس لە کوژرانی خەڵکی سیڤیل دەکەن لە بەری راستی شاری موسڵ.
رووداو
