گومان دەکرێت مالیکی لە پشت کوژرانی ڕۆژنامەنووس ڕیهام عابد بێت

گومان دەکرێت مالیکی لە پشت کوژرانی ڕۆژنامەنووس ڕیهام عابد بێت
کچە ڕۆژنامەنووسێکی عێراقی لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا گیان لەدەست دەدات و سەرچاوەکانیش ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەو کچە ڕۆژنامەنووسە بەهۆی دیدارێکی لەگەڵ مۆفەق ڕوبەیعی، لەلایەن مالیکییەوە کوژرابێت.

ڕۆژی 15\3\2017، تەرمی ڕیهام عیماد سلێمان ناوسراو بە (ڕیهام عابد)، کچە ڕۆژنامەنووسی عەرەبی سوننە، لە شوققەکەی خۆیدا لە گەڕەکی ئەعزەمییەی ناوەڕاستی شاری بەغدا، سەرەڕای دووگیانی، دۆزرایەوە.

دواتر باوکی ڕیهام لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە شوققەی کچەکەی بەهۆی شۆتی کارەباوە گڕی گرتووە و لە ئەنجامی زۆریی دووکەڵ، خنکاوە.

هەر ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، لە 16\3\2017، ماڵپەڕی (العالم الجدید)ی عێراقی ئەوەی ئاشکرا کرد کە چەند کەسێکی نەناسراو ڕیهام عابدیان لەناو ماڵەکەیدا کوشتووە و دواتر شوققەکەیان سووتاندووە، تاوەکوو هیچ بەڵگەیەکی تاوانەکەیان نەهێڵنەوە.

ڕیهام عابد پێش کوژرانی، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دوای دیدارێکی لەگەڵ مۆفەق روبەیعی، تۆمەتێکی زۆری ئاراستە کراوە و لە قسەکانیدا بە گریانەوە داکۆکی لە خۆی کردووە، بۆیە بە دوور نازاندرێت کە لە کاتی بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا، ڕیهام عابد لە ژێر هەڕەشەدا بووبێت.

هەر لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا، کچە ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکە باسی لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ناسیاوەکانی و تۆمەتبارکردنی کەسوکارەکەی بە تیرۆر کردووە و بە ناڕاستەوخۆ هێرشی کردووەتە سەر نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و دەڵێت: ”پێچەوانەی ئەوانەی بە هۆڕنلێدانێک مووسڵ و تکریتیان دایە دەست داعش، خەڵکی ئەنبار بە ساڵێک و چەندان مانگ شارەکەیان نەدایە دەست داعش و بەرگرییان کرد“.

هەر لەمبارەیەوە ڕیهام عابد لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام ڕەخنەی توندی لە بوونی گەندەڵیی دارایی و سیاسی و نادادپەروەری گرتووە و هەڵوێستی توندی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی هەندێک هێزی چەکداری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ هەبووە، بۆیە گومان دەکرێت کە کوژرانی لە چوارچێوەی ئەو کەسانەدا بێت کە بەبڕیاری مالیکی لە ماوەی ڕابردوودا کوژراون.

پێشتر لیستێک ناو و شوێنی کوژرانی سەرجەم ئەو کەسانەی بڵاو کردەوە کە لە نوخبەی ئەکادیمی و سیاسی و عەشایەریی عێراقن و لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بڕیاری مالیکی و لەلایەن کەسانی سەر بە مالیکییەوە تیرۆر کراون.








باسنیوز
Top