عەبادی: ھەماھەنگیی باش لەنێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەدا ھەیە

عەبادی: ھەماھەنگیی باش لەنێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەدا ھەیە



سەرۆکوەزیرانی عێراق، "حەیدەر عەبادی" لە سەردانی بۆ "واشنتۆن"ی ئەمەریکا رایگەیاند: ''ئیدارەی ترەمپ ئەو کارانە دەبینێت کە ئەنجاممانداوە و ستایشی دەکات. بەردەوام دەبن لە پشتیوانییکردنمان. دڵنیایی ئەوەمان درایە کە سەبارەت بە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھاریکاریی زۆرترمان دەکرێت''.



حەیدەر عەبادی لە میانەی گوتارێکدا لە پەیمانگەی ئاشتی، ژمارەیەک روونکردنەوەی سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی و دۆخی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئێستادا، دا.



عەبادی جەختی لەوەکردەوە ئەوەیان بینیوە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا زۆر سوورە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاماژەی ئەوەشیان وەرگرتووە کە ئاستی ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق زیاددەکات.



سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: ''ئیدارەی ترەمپ ئەو کارانە دەبینێت کە ئەنجاممانداوە و ستایشی دەکات. بەردەوام دەبن لە پشتیوانییکردنمان. دڵنیایی ئەوەمان درایە کە سەبارەت بە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھاریکاریی زۆرترمان دەکرێت''.



عەبادی رایگەیاند، ستراتیژی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تەنھا پلانێکی سەربازی نییە و گوتی: "پێم وانییە رای گشتیی ئەمریکی بیەوێت ژمارەیەکی زۆر سەرباز بۆ دەرەوەی وڵات بنێرێت. پلانێک ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. بەڵام بۆ لەناوبردنی داعش لەناوچەکەدا، پێویستە ئێمە پلانێکی ناوچەییمان ھەبێت".



عەبادی رایگەیاند، عێراق بووەتە قوربانیی پێشھاتەکانی ناوچەکە.



عەبادی گوتیشی: "مەترسییەکانی داعش راستەوخۆ کاریگەریی لە وڵاتەکەمان کرد. پێشھاتەکانی سووریا راستەوخۆ کاریگەریی لەئێمە کرد. بەشی زۆری مووسڵمان لەدەستی داعش رزگارکردووە. لەکاتێکدا بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوامە، ھەماھەنگیی باش لەنێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەدا ھەیە".



عەبادی باسی لە گونجانی ھێزەکانی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەدا کرد و گوتی، "لەمێژووی عێراقدا شتی وا نەبووە. دوو ساڵ لەمەوبەر سوپای عێراق پەرتەوازەیی بەخۆیەوە بینی و گەل شانازیی بە سوپاکەیەوە نەدەکرد. بەڵام ئێستا شانازیی پێوەدەکات".



عەبادی جەختی لە پێویستیی وڵاتەکەی بە چاکسازیی و سەقامگیریی کردەوە.



سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد وڵاتەکەی ''وڵاتێکی نوێی دیموکراسی''یە و ئەوان ئەرکی زۆریان دەکەوێتە سەرشان بۆ ئەوەی کە حکوومەتێکیان ھەبێت کە دووبارە ھاووڵاتییان متمانەی پێبکەن، ئاشکراشیکرد ھەوڵی زۆریانداوە لەو بوارانەی کە سەربازیی نین و پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەوبارەیەشەوە پێویستیان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتیی ھەیە.



راشیگەیاند: ''دەتوانرێت داعش لەناوببرێت، ئێمە دەتوانین لەمەدا سەرکەوتوو بین و ھەروەھا توانای ئەوەمان ھەیە کە رێگریی لە دووبارە درووستبوونی رێکخراوی تیرۆریستیی ھاوشێوە بکەین''.



سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، ھێشتا لەناوچەکەدا دژی داعش دەنگی مێدیا بەپێی پێویست نابینرێت و گوتی،"ھەرچەندە کەمیشی کردووە، بەڵام ھێشتا داعش دەتوانێت ئەندام و سەرچاوەی دارایی بۆ خۆی پەیدا بکات. ھەندێک لە وڵاتانیش لەبەر بەرژەوەندییە ناوچەییەکانیان تیرۆرستان بەکاردەھێنن".



عەبادی جەختیکردەوە کە بەم دواییە لەھەوڵی کرانەوەیەکی نوێدان بەڕووی سعوودیەدا و بانگەشەکانی لەبارەی گوێڕایەڵیی عێراق بۆ ئێران رەتکردەوە.
payamner-
Top