عەبادی داوای گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەکانی وڵاتێکی ئەوروپی دەکات
حەیدەر عەبادی، سەۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی، رایگەیاندووە، شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ ”بەمزووانە“ کۆتایی دێت و رێکخراوی توندڕەوی داعش لە وڵاتەکەیدا نامێنێت.
حەیدەر عەبادی داوای لە پەنابەرە عێراقییەکان لە ئەڵمانیا کردووە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ”ئێمە ئێستا دەست بە ئاوەدانکردنەوە دەکەین و لە بەرژەوەندیی وڵاتیش دایە پەنابەرەکان بگەڕێنەوە“.
بەهۆی داگیرکاریی داعش و قەیران و کێشە تائیفییەکان، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقی وەک پەنابەر روویان لە ئەوروپا و بە تایبەت ئەڵمانیا کردووە، جگە لەوەی زیاتر لە دوو ملیۆنیان روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
