بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق دوای شەڕی داعش پێنج ساڵی پێویستە

 بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق دوای شەڕی داعش پێنج ساڵی پێویستە
ئەندانێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێ کە بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق، نزیکەی پێنج ساڵی پێویستە و بە تەنیاش ناتوانێ، بەڵکو پێویستی بە یارمەتی دەرەکی ھەیە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرۆکی لیژنەی دارای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "لەگەڵ ھاتنی داعش ژێرخانی ئابووریی عێراق زیانی زۆری پێکەوت، بۆ بوژاندنەوەی پێویستی بە نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت، چونکە ئەو زیانانە لە سێ بەش پێکھاتوون کە بریتین لە وەبەرھێنان، کە پاڵاوگە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت و بڕە پارەیەکی زۆر زیاتری بۆ چاکرنەوەی دەوێت، ھەروەھا بەشێکی دیکەیان ژێرخانی ئابوورییە کە پێکھاتوون لە ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا، بۆ بونیاتنانەوەیان بڕە پارەیەکی زۆریان دەوێت، ھەروەھا خانووی ھاووڵاتییان وێران کراوە، بەڵام کۆمپانیایەک ھەستاوە بە دابینکردنی پارەی بێ سوود بۆ ئەو ھاووڵاتییانە تا خانووەکانیان دروست بکەنەوە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئاشکراشی کرد: "بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، حکوومەتی عێراق ناتوانێت بە تەنیا بەو کارە ھەستێت، چونکە ڕێژەی ھەناردەی نەوت کەم بوەتەوە و نرخی نەوتیش دابەزیوە، بۆیە پێویستی بە قەرزێکی زۆری دەرەکی زۆر و ھاوکاری و بەخشینی نێودەوڵەتی ھەیە".








باسنیوز

Top