پردی حوریە لە مووسڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە

پردی حوریە لە مووسڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە
ھێزەكانی عێراق لە فەرمانگە حكوومییەكانی مووسڵ نزیكبوونەتەوە و پردی حوریەیان كۆنتڕۆڵ كردەوە.

عەبدولئەمیر مەحمەداوی، فەرماندە لە ھێزی بەرپەچدانەوەی خێرای سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ھێزەكانییان زۆر نزیكن لە ھەردوو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگای نەینەوا و توانراویشە پردی حوریە كە پردی دووەمی مووسڵە كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە.

ھاوكات، شەڕ لەچەندین گەڕەكی رۆژئاوای مووسڵ بەردەوامە، بەتایبەت نەبی شیت و دەنەدان و مەنسوڕ.

رۆژی 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.









K24
Top