فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە رۆئاوای مووسڵ کوژرا

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە رۆئاوای مووسڵ کوژرا
فەرماندەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە رۆژئئاوای شاری مووسڵ کوژرا.



ئاژانسی (ئەنادۆڵ) لە زاری فەرماندەیەکی تورکمانیی حەشدی شەعبی بڵاوی کردووەتەوە، کە عەلی ئەکبەر بێهنام، یاریدەدەری فەرماندەی میلیشیای (حوسێن تەڵەعفەر 53) کوژرا.



عەلی ئەکبەر بێهنام لە شەڕی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە میانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵ، لە دەوروبەری شارۆچکەی تەلەعفەر کوژراوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.



باسنيوز
Top