وێستگەی كارەبای یەرموك لە رۆژئاوای مووسڵ كۆنترۆڵكرایەوە

وێستگەی كارەبای یەرموك لە رۆژئاوای مووسڵ كۆنترۆڵكرایەوە
فەریق شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی رایگەیاند، لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكی جەوسەق و ناوچەكانی دەوروبەری، 26 چەكداری داعش كوژراون و 3 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویش تەقێنراونەتەوە و 12 بۆمبی چێندراویش پوچەڵكرانەوە.

ھاوكات، لە راگەیەنراوێكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكاندا ھاتووە، ھێزەكانی فیرقەی 9 زریپۆش، توانییان وێستگەی كارەبای یەرموك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

ئێستا شەڕ لە گەڕەكەكانی وادی حەجەر و مەئمون و مەنسوریش بەردەوامە.

رۆژی 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.







K24
Top