وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە بەغدا
سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 25.2.2017، عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە سەردانیکی پێشتر رانەگەیەندراو، گەیشتە شاری بەغدا.
چاوەڕوان دەکرێت عادل جوبەیر لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ ببێتەوە و تاوتوێی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش بکەن.
ئەو سەردانەی عادل جوبەیر بۆ بەغدا لە کاتێک دایە، کە پەیوەندییەکانی سعودیە و عێراق ناکۆکی تێکەوتووە، بەهۆی ئەوەی سعودیە پێیوایە عێراق لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت.
سعودیە، کە نوێنەرایەتیی موسڵمانانی سوننەمەزهەبی جیهان دەکات، لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە نوێنەرایەتیی موسڵمانانی شیعەمەزهەب دەکات، رکابەرییەکی سەرسەختی یەکتر دەکەن.
بەشێک لە سەرکردە سوننەمەزهەبەکانی عێراق پێیانوایە دەست بەسەرداگرتنی هەموو پۆستە باڵاکانی عێراق لەلایەن شیعەوە، بە تایبەت دەستوپێوەندەکانی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، بووەتە هۆی خراپیی پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە.
باسنیوز
