میدیا عێراقییەکان: فڕۆکەخانەی مووسڵ بە تەواوی رزگار کرایەوە

 میدیا عێراقییەکان: فڕۆکەخانەی مووسڵ بە تەواوی رزگار کرایەوە
میدیا عێراقییەکان باس لە رزگارکردنەوەی تەواوەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ دەکەن لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ.

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، رۆژی پێنجشەممە 23.2.2017 هێزە عێراقییەکان گوندی یەرمووک و کارگەی شەکری مووسڵ‌یان رزگار کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، هێزەکانی پۆلیسی ئیتیحادی و دژەتیرۆری عێراق فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ‌یان بە تەواوی رزگار کردووەتەوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.










باسنيوز
Top