پنتاگۆن: هێزه‌ عیراقییه‌كان زیاتر له‌ 125 كیلۆمه‌تریان رزگاركردووه‌

پنتاگۆن: هێزه‌ عیراقییه‌كان زیاتر له‌ 125 كیلۆمه‌تریان رزگاركردووه‌
وته‌بێژ به‌ناوی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا (پنتاگۆن) رایگه‌یاند، هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ زیاتر له‌ 125 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یان له‌ده‌ست رێكخراوی‌ داعش رزگاركردووه‌و پلانێك بۆ خێراكردنی‌ پڕۆسه‌كان دژ به‌ داعش ده‌خاته‌ به‌رده‌م كۆشكی‌ سپی‌.

رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ خۆرئاوای‌ موسڵی‌ راگه‌یاند، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مانگی‌ رابردوو به‌شی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

جیف دیفیز وته‌بێژ به‌ناوی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا سێ شه‌ممه‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ راگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو پلانی‌ سه‌ره‌تایی بۆ خێراكردنی‌ پڕۆسه‌كان دژی‌ داعش پێشكه‌ش به‌ كۆشكی‌ سپی‌ ده‌كات.

رونیشیكرده‌وه‌ "پلانه‌كه‌ ته‌نها دژی‌ بوونی‌ چه‌كدارانی‌ داعش نییه‌ له‌عیراق و سوریا به‌ڵكو له‌سه‌ر بونی‌ ئه‌وانه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ دیكه‌ كه‌ تێیدان".

چه‌كدارانی‌ داعش له‌ ئێستادا له‌ خۆرئاوای‌ موسڵ گه‌مارۆدراون و هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ پێشڕه‌ویدان به‌ره‌و رزگاركردنی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ شاره‌كه‌ و ده‌ركردنی‌ داعش دوای‌ زیاتر له‌دوو ساڵ له‌مانه‌وه‌ی‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ ئه‌و رێكخراوه‌دا.

لەئێستادا ئامانجی سوپای عیراق كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵ-ە كە دەكەوێتە باشوری ئەو شارە تا بیكاتە بنكەیەكی پشتیوانی لەكاتی هێرشكردنی راستەوخۆ بۆسەر خۆرئاوای موسڵ.

سوپای عیراق ئێوارەی دووشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگه‌یاند، هێزەكانیان كەلەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانیان لێدەكرێت گەیشتونەتە دەوربەری فڕۆكەخانەی موسڵ دوای دەركردنی چەكدارانی داعش لە گردێكی نزیك ئەو فڕۆكەخانەیە.

هەڵمەتە سەربازییەكان بەمەبەستی ئازادكردنی شاری موسڵ كە گەورەترین شاری عێراق بوو لەژێركۆنترۆڵی داعش لە 17ی‌ تشرینی یەكەمی‌ ساڵی‌ ڕابردوو دەستیپێكرد.

بەشی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ لە 39 گەڕەك پێكدێت و لەسەدا 40 ی‌ روبەری‌ شاری‌ موسڵ پێكدەهێنێت، زۆربەی‌ بارەگا حكومییەكان لەو بەشەدایە.

چاوەڕواندەكرێت ئۆپەراسیۆنی بەشی خۆرئاوای شاری موسڵ، شەڕێكی سەختتر بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی ئەوەی كۆڵان و شەقامەكانی ئەو بەشەی موسڵ باریكن ئەوەش بەو واتایە دێت كە سوپای عیراق دەتوانێت ژمارەیەكی كەمتر لە تانك و زرێپۆش بەكاربهێنێت لەشەڕكردنی دژ بەداعش.

شەڕی‌ موسڵ كە گەورەترین هێرشی‌ وشكانییە لەدوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سەدام لەساڵی‌ 2003 ەو، زیاتر لە 100 هەزار لە هێزەكانی‌ پێشمەرگە، سوپای‌ عیراق، حەشدی‌ شەعبی‌ و حەشدی‌ عەشایەری‌ سوننەكان بەشداریان تێدا كردووەو لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەرۆكایەتی‌ ئەمریكا پشتیوانی دەكرێت.
xandan -
Top