رۆژنامەیەک ئەو کەسانە ئاشکرا دەکا کە مالیکی تیرۆریان دەکا
رۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی وتارێکی لەیس عەماری نووسەری بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا باس لەوە دەکات، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق جێگری ئێستای سەرۆک کۆمار هەوڵی درێژکردنەوەی هیلالی شیعی دەکات.
لەیس عەمار لە وتارەکەیدا رایگەیاندووە، نوری مالیکی، کە هاوکات ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایە، لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانیدا (2006-2014)، بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە و مەزهەبییانە حوکمڕانیی عێراقی کرد و بە هەمان شێوەی رژێمی بەعس حوکمی کرد و تۆڵەی ستەمکاریی سەدم حوسێنی لە سوننەمەزهەبەکان کردەوە.
ئەو نووسەرە پێیوایە نوری مالیکی تۆی دووبەرەکی چاندووە و کارێکی کردووە، کە جارێکی دیکە پێکەوەژیانی کورد، شیعە و سوننە ئەستەم بێت و بە گوتاری تائیفی و هاندانی گەنجان بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی ئیمام حوسێن و عەلی، ئیمامە گەورەکانی شیعە، لە سوننەکان، پشتگیریی بکەن.
هەروەک لەو وتارەی ئۆرشەلیم پۆستدا هاتووە، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا نوێنەرایەتیی ئەجێندای ئێران لە عێراق دەکات و ”بەرپرسە لە داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ ناوچە سوننییەکانی عێراق“، تاوەکو ببێتە بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەر سوننە و کورد.
ئەو نووسەرە پێیوایە ”هەرکەسێک رەخنەی گرتبێت یاخود دژایەتیی ئەجێندای مالیکی کردبێت، کوژراوە“ و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 600 کەسایەتیی سیاسیی، عەشائیری و ئەکادیمی بە فەرمانی ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە کوژراون.
نووسەری وتارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چەندین لایەنی سیاسیی ”پرۆ-ئێرانیی وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبەکانی دیکە“ هاوکاریی دەکەن، جگە لە مەرجەعە شیعەکانی ئێران و نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری نەجەف.
باسنيوز
