مالیکی دەیەوێ حزبەکانی کوردستانی رۆژھەڵات چەک بکرێن و وەدەر نرێن

 مالیکی دەیەوێ حزبەکانی کوردستانی رۆژھەڵات چەک بکرێن و وەدەر نرێن
لە رێگای لیستە عەرەبە شیعەکانەوە و بە ھاوکاریی نووری مالیکی، ھەوڵ دەدرێت لە نزیکترین کاتدا پرۆژەیەک بۆ چەککردنی ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە خاکی عێراق بکرێتە یاسا و بەپێی ئەو یاسایەش ھەرچی ھێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ھەیە بە حزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵاتییشەوە لە خاکی عێراق (بە ھەرێمی کوردستانەوە) بکرێنە دەرەوە.

چەند پەرلەمانتارێکی عەرەبی شیعە و لیستی شیعەکان پرۆژەیەکیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی سەرجەم ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە خاکی عێراق چەک بکرێن و بکرێنە دەرەوە، بۆ ئەمەش دەیانەوێت بەشێوەیەکی خێرا پرۆژەکە بخەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەنگی لەسەر بدەن.

ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ”ئاگاداری ئەو ھەوڵەین، نووری مالیکی لە حاڵەتێکی ھیستریایە، کامە ھەنگاو لەدژی ھەرێمی کوردستان بێت دەیھاوێژێت، بۆ ئەوەی زیان بە ھەرێمی کوردستان بگەیەنن، ئەوەی ئێستاش کە ھەوڵی بۆ دەدەن حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان چەک بکەن و دەربەکەن، ھەر بۆ دروستکردنی کیشەیە بۆ ھەرێمی کوردستان“.

گوتیشی: ”سەرجەم حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین، کاری سیاسیی خۆیان دەکەن بەرەزامەندیی حکوومەت، و ڕێزی سنوورەکان دەگرن، ناتوانرێت شتێک لەبەرانبەرایان بکرێت، چونکە رەزامەندیی نەتەوە یەکگرتوەکانیان وەرگرووە، ئەو رەزامەندییە بەپێی یاسایە و کاری خۆیان دەکەن“.

گوتیشی: "ئەوەی تا ئیستا ھەیە پرۆژە یاسایە کە عەرەبە شیعەکان دەیانەوێت لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت بکرێتە یاسا کە سەرجەم ھێزەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات لە خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکرێنە دەرەوە، ەمە شکست دەھێنێت چونکە زۆربەی فراکسیۆنەکان دەزانن کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەوە قبوڵ ناکات".

کۆوبونەوەیەکی نھێنیی لیستە شیعەکان کراوە لەوێ ئاماژە بەوە دراوە کە دەنگی چەند پەرلەمانتارێکی کوردستانیشیان بۆ ئەو پرۆژەیاسایە بەدەست ھێناوە، لە ئەگەری دەنگدانی ھەر پەرلەمانتارێکی کورد بۆ ئەو پرۆژەیە ئەوە پرۆژەکە ئەو رەخنەیەی لەسەر نامێنێت کە تەنیای پێکھاتەی شیعە داوای دەکەن، بەڵکوو ئەو کاتە دەڵێن پێکھاتەکانی عێراق داوایان کردووە“، ئیسلام حوسێن دەڵێت: "ھەموو ھەوڵێک دەدرێت لەلایەن نووری مالیکیەوە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بۆ ئەو پرۆژەیە راکێشێت، بەڵام ھەر کوردێک دەنگی بۆ بدات خۆکوشتنی سیاسییە".

ھاوکات ھەندێک سەرچاوەی سیاسی لە بەغداوە دەڵێن: "مەترسی ھەیە سیناریۆی لێدانی کەمپەکانی موجاھدین خەلق بەسەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ئێراندا بێت لە عێراق، بۆیە لە کۆبوونەوەکان نموونەی موجاھدینی خەلق ھێنراوەتەوە".

ئاماژە بەوەش دەکرێت کونسوڵی تازەی ئێران لە عێراق کەسێکی سەربازی ئێرانی بووە و توندە لەسەر لایەنە شیعەکان بەتایبەت لەسەر مالیکی.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەخاتە ڕوو، رەنگە نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە دەنگ لەو بارەیەوە.

ھاوکات محەمەد نەزیفی قادر، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) گوتی: "زۆر جار لەناو خۆماندا باسی ئەوەمان کردووە، گەورەترین مەترسی لەسەر عێراقی دوای ڕووخانی سەدام، دەستوەردانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەڵک وەرگرتن لەو لایەنە شیعانەیە کە لە سێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندان و فەرمانی راستەوخۆ ئێرانیان لەسەرە، ئەوە نەک مەترسییە لەسەر ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵکوو مەترسیی گشتییە لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق، بۆیە ئەم ھەوڵەی دوای لایەنە شیعەکان مەحکومن و دەبێت حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەست بەو مەترسییە بکەن کە کۆماری ئیسلامی ھەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت ئەو میلیشیایانەی دەستەمۆی خۆین لە لایەن فەرماندەیی سوپای پاسداران راھێنراون لە دوا ڕۆژدا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوانێکی ھاوشێوەی موجاھدینی بەسەرمان بھێنن".

گوتیشی: "دەبێت ئاگاداری ھەموو لایەک بکرێتەوە لە مەترسیی ئەو پرۆژەیە، چونکە مەترسییەکی دیکەش ھەیە ئەویش بابەتی میلیشیایە کە لەسەر پرسی کورد مەترسین و ھەڕەشەن لەسەر ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کار دەن و ئەگەری ھەیە بکرێن بەگژ ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا".

پەرلەمانتارێکی عێراق ژمارەیەکی زۆری واژۆیان کۆ کردووەتەوە تا پرۆژەکە بخرێتە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و نوێنەرانی حەشدی شەعبیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەر پەرشتیی بەشێک لە پرۆژەکە دەکەن و بریاریان داوە دوای گفتووگۆیەکی زۆر یاسایەک لەو بارەوە دەربکرێت.












باسنيوز
Top