داعش ماڵی گەنجە هەڵاتووەکانی بەری رۆژئاوای مووسڵ دەڕووخێنێت
ئەو گەنجانە، کە بەرەکانی جەنگی رێکخراوەکە بەجێ دەهێڵن و هەڵدێن، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەزۆر راپێچی بەرەکانی جەنگ کراون، بەهۆی ئەوەی ژمارەی چەکدارانی ئەو رێکخراوە کەم بووەتەوە و داعش پێویستی بە شەڕکەرە.
بەپێی زانیارییەکان، داعش دەستی بە رووخاندنی ماڵی هەموو ئەو گەنجە مووسڵییانە کردووە، وەک هەوڵێک بۆ ترساندنی ئەوانەی هێشتا بە نیازی راکردن و پشت کردنە رێکخراوەکەن.
جگە لە رووخاندنی خانووەکان، داعش خێزان و ژن و مندالەکنی ئەو گەنجە هەڵاتووانەیان دەستگیر کردووە و ئەشکەنجەیان دەدات.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
