ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گوللە لە سێ بنکەی داعش دەکەن
سەرچاوەیەک لە شاری مووسڵەوە رایگەیاندووە، کە رۆژی یەکشەممە 19.2.2017 ئەو چەکدارانە تەقەیان لە سێ بارەگای داعش کردووە و سووتاندوویانن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو چەکدارە نەناسراوانە دانیشتووانی مووسڵن و بێزاربوون لە هەڵسوکەوتە دڕندانەکانی چەکدارانی داعش و لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵ، دەیانەوێ لە ناوخۆوە گورز لە داعش بووەشێنن.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکان، لە کاتژمێرەکانی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، گوندی باخیرە لە رۆژئاوای شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای شاری مووسڵ، رزگار کرایەوە.
رۆژی شەممە 18.2.2017، هێزە عێراقییەکان رایانگەیاند، کە لە چەند کاتژمێری کەمی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنەکە دەست پێ دەکات.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
