عەبادی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی لای راستی موسڵی راگەیاند

عەبادی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی لای راستی موسڵی راگەیاند
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 19-2-2017 ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی لای راستی موسڵی لەدەست چەکدارانی داعش راگەیاند.

لە بەیاننامەیەکدا حەیدەر عەبادی جگە لە راگەیاندنی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە هەروەها رایگەیاندووە "ئەرکی ئێمە رزگارکردنی خەڵکە، پێش ئازادکردنی خاک".

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق روو لە هێزە چەکدارەکان دەکات و، لە بەیاننامەکەیدا هەروەها دەڵێ "ئێوە جیهانتان سەرسامکردووە بە پاڵەوانیێتی، سەرکەوتنەکانتان و هاوکاریکردنی هاونیشتیمانیانتان".

درەنگانی شەوی رابردوو 18-2-2017 شانەی راگەیاندنی جەنگی رایگەیاند "فڕۆکەکانی هێزە عێراقییەکان ملیۆنان راگەیەندراویان لە لای راستی موسڵ هەڵداوەتەوە خوارەوە. لەو راگەیەندراوانەدا داوایان کردووە هاووڵاتییان خۆیان ئامادە بکەن بۆ پێشوازیکردن لە هێزە عێراقییەکان و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان".

هەروەها چەکدارانی داعش لەو راگەیەندراوانەدا کە بەسەر لای راستی موسڵدا هەڵدراونەتە خوارەوە، ئاگادارکراونەتەوە چەک دابنێن و خۆیان بەدەستەوە بدەن.

17-10-2016 حەیدەر عەبادی، کاژێری سفری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش راگەیاند، بە یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە عێراقییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا، بەجۆرێک دوای سێ مانگ و، لە 24-12-2016 عەبادی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی لای چەپی موسڵی راگەیاند.

لای رۆژئاوای موسڵ، کە خەڵکی شارەکە خۆیان بە لای راست ناوزەدی دەکەن، هەرچەندە رووبەری لە لای چەپی شارەکە بچووکترە، بەڵام چڕی دانیشتووانی زیاترە و چەندین ساڵە بە شوێنی تووندڕەوەکان دادەندرێت.








رووداو
Top