خۆپیشاندەرانی بەغدا: بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتییەکان
ئێستا لە بەغدا جگە لە داوای سەدر بۆ چاکسازی چەند لایەنێک پرۆژەیەکیان بە ناوی پێکهێنانی حکومەتی رزگارکردنی نیشتمان ئامادەکردووە ، ئەوە لەکاتێکدایە خۆپیشاندەرانی بەغدا بۆ رووداو دەڵێن بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتییەکان.
گۆڕەپانی تەحریر ئەمجارەیان لە جیاتی هۆتاف کێشان ماتەمینی تێدا بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەی کوژراوەکانی هەفتەی رابردوو و بە داخستنی دەمیان حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانیان پڕۆتیستۆ کرد.
ئەحمەد عەبدولحسێن، ئەندامی لیژنەی سەرپەرەشتیاری خۆپیشاندانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران ئەوانە سەربە هێزی ئەمنی دەوڵەت نەبوون بەڵکو هێزی میلیشیای سەر بە حیزبەکان بوون، ئەگەر گۆڕانکاری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاساکەی نەکرێت ئێمە بەردەوام دەبین لە دەربڕینی ناڕەزایەتی".
ئەگەرچی رەوتی سەدر و رێکخراوە مەدەنییەکان درووشمێکی هاوبەشیان هەیە بۆ چاکسازی، بەڵام بەشێک لە لایەنە مەدەنییەکان پرۆژەیەکیان بەناوی پێکهێنانی حکومەتی رزگارکردنی نیشتمان ئامادەکردووە و بڕیارە لە داهاتوودا پێشکەشی رای گشتی بکەن.
موەفەق دۆجێلی، ئەندامی رێکخراوە مەدەنییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بە ناوی پێکهێنانی حکومەتی رزگارکردنی نیشتمان کە کەسانی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت بۆ جێگرەوەی حکومەتە گەندەڵەکەی ئێستا، ئومێد بەخوا بەرنامەی سیاسیی و پەیڕەوی ناوخۆی پرۆژەکەشمان ئامادەکردووە و هەموو لایەنەکانمان ئاگادارکردووەتەوە بە مەرجەعیەتیشەوە پرۆژەکە پێشوازی باشی لێکراوە".
چالاکوانانی مەدەنی دەڵێن ئێمە لە ترس و تۆقاندن ناترسین و بەردەوام دەبین لە بەرزکردنەوەی دەنگەکانمان لە گۆڕەپانی تەحریر.
ئەفراح شەوقی، چالاکوانی مەدەنی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەردەوام دێینە گۆڕەپانی تەحریر و دەنگی بەرزمان دەمێنێتەوە، هەموو ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و کردەوە تووندوتیژییەکانی گرووپە مافیاکان رەتدەکەینەوە دژی گەلەکەمان".
دوای سێ کاژێر لە ماتەم گێڕان خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاماژەی ئاشتی روویان کردە ناوچەی سەوز و لیژنەی سەرپەرەشتیاری خۆپیشاندانەکان رایگەیاند: "ناڕەزایەتییەکان دژی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت".
رووداو
