''مالیکی تۆمەتبارە بە لەنێوبردنی چەندین کەسایەتیی عێراقی''

 ''مالیکی تۆمەتبارە بە لەنێوبردنی چەندین کەسایەتیی عێراقی''
ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، لیستێکی ناوی ئەو کەسانەیان وەدەست کەوتووە، کە لە سەردەمی حوکمڕانیی (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقدا بێسەروشوێن کراون، یان کوژراون.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: ''لە بەڵگەنامەیەکی لیوای ٥٦ی سوپای عێراقدا (ئەو لیوایە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن (نووری مالیکی)یەوە دامەزرا) ئاماژە بە ناوی چەندین کەسایەتیی سەربازی و ئایینی و ئۆپۆزیسیۆن و ئاکادیمی و مامۆستای زانکۆ کراوە، کە لە سەردەمی حوکمڕانیی (مالیکی)، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤دا کوژراون و بەشێکیشیان بێسەروشوێن کراون.''

سەرچاوەکە ئاماژە بە ناوی چەند کەسایەتییەکی ئەو لیوایە دەکات، کە نیزیکن لە (نووری مالیکی) و دەستیان لە کوشتنی ئەو کەسایەتییانەدا هەیە. لەوانە، فەریق (حاتەم ئەلمەکسووسی)، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی تایبەت لە هەردوو کابینەکەی (مالیکی)دا، هەروەها لیوا (قاسم عەتا) و لیوا (ناسر غنام) کە ئێستا عێراقیان بەجێ هێشتووە و بەرەو میسر ڕۆیشتوون.

بەپێێ بەڵگەنامەکان، بەشی هەواڵگریی لیوای ٥٦ی تایبەتی سەر بە (نووری مالیکی)، هەموو ئەو کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و سەربازی و ئاکادیمی و ئۆپوزیسیۆنانەی لە بارەگای لیواکە، لە ناوچەی سەوز لەنێو بردووە.

لە کۆتاییدا سەرچاوەکە نووسیویەتی، لە ماوەیەکی نیزیکدا لیستی ناوی ئەو کەسایەتییانە بڵاو دەکەنەوە و بە ڕای گشتیی ڕادەگەیەنن.
kdp-
Top