فوئاد مەعسووم: بوونی قاسم سلێمانی لە عێراق ئاساییە و مافی خۆیانە
فوئاد مەعسووم، سەرکۆماری عێراق، لەمیانەی دیدارێکی دوورو درێژ و فراواندا کە لەگەڵ ماڵپەڕی (تەسنیم)ی نزیک لە سوپاسی پاسدارانی ئێران ئەنجامی داوە، کۆمەڵێک پرس و بابەتی هێناوەتە بەرباس.
لە بەشێکی ئەو لێدوانەدا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ماڵپەڕی (تەسنیم) لەبارەی بوونی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس لە عێراق، سەرکۆماری عێراق دەڵێت (ئێمە هەموو کات ڕای خۆمان لەم بارەوە دەربڕیوە و کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی کیشە لە عێراق یارمەتیی عێراقی کردووە، پێویستیمان بە یارمەتییان هەبووە، شارەزایی و پسپۆڕیی ئەوان بۆ ئێمە گرنگ بووە و زۆر شتیان ڕوون کردینەوە و باسیان کردووە."
لە درێژەی وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "دیارە بەڕێز سەردار قاسم سولەیمانی هاتووەتە عێراق، وەک هاوشێوەی ئەوانەی دیکە کە ڕاوێژکاران، لێرە حزووری هەیە و ئاساییە، وەک چۆن ئەمەریکی، فەرەنسی و بەریتانی وەک ڕاوێژکار هەیە، خۆ ناکرێ بڵێی دەبێ ئەوان هەموویان ڕاوێژکاریان هەبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی نابێ هەیبێت، بۆیە بوونی قاسم سلێمانی لە چوارچێوەی بوونی ڕاوێژکارە سەربازیەکان لە عێراقە و ئاساییە و مافی خۆیانە".
باسی لەوەش کرد "ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پەیوەندییەکانمان توند و بەتینتر بن و بەرەوپێشتر بڕۆن، چۆن دەکرێت کۆماری ئیسلامی ئەتۆ نابێ لێرە ڕاوێژکارت هەبێت، دەمەوێ ئەوەش بڵێم ئێمە لە عێراق نە بە چاوی ئێران چاوی وڵاتانی دیکە دەکەین و نە بە چاوی ئەوانیش تەمەشای ئێران دەکەین، ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی ڕاست و دروستمان هەیە، ئەم پەیوەندییە زۆر لەمێژە بەرقەرارە، ئێمە نەتەنیا نامانەوێ وازی لێ بێنین، بەڵکوو دەمانەوێ زیاتر و قوووڵتریش بێت".
ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە لەو ڕوانگەوە کە ئەمەریکا و ئێران نێوانیان ناخۆشە، ئیتر پێش بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە ناگرین، چونکە ئێمە نامانەوێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر حیسابی پەیوەنیدمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت."
لە بەش و بڕگەکانی ئەم لێدوانەدا لەبارەی پرس و بابەتی وەک "ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە عێراق، شەڕی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی داعش، داهاتووی مووسڵ، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق، پەیوەندیی ئابووری، فەرهەنگی و سیاسیی نێوان عێراق و ئێران" و چەند پرسی دیکە باس و گفتوگۆ کراوە."
bas news -
