لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانەکان بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا دەبەن
لە رۆژی هەینی 10.2.2017ـەوە چەکدارانی میلیشیای سەرایا سەلام، کە سەر بە رەوتی سەدری شیعەمەزهەبن، لە ناو شاری بەغدا بازگەیان داناوە و هەوڵ دەدەن ئاسایشی خۆپیشاندەران، کە لە هەموو شارە شیعەنشینەکانی باشووری عێراقەوە هاتوون، بپارێزن.
بڕیارە سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 11.2.2017، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆپیشاندانەکان ببەنە ناوچەی سەوزی بەغدا، کە لەو ناوچەیە حوکمڕانیی عێراق دەکرێت، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و زۆربەی باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی لێیە.
خۆپیشاندەران بە رێنمایی و لەسەر داوای موقتەدا سەدر، داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەکەن.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی پێنجشەممە 9.2.2017 لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە دەستیان پێکردووە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بۆ پاراستنی گیانی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمان، پەرلەمانی عێراقی داخست.
پێشتریش لە رۆژی 30.4.2016، لایەنگرانی رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمان و وێڕای شکاندن کەلوپەلەکانی پەرلەمان، سووکایەتییان بە چەندین پەرلەمانتار و ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد و گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتی پێکردنەکەشیان بڵاو کردەوە.
باسنیوز
