کاتی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک دیار دەکرێت
عەبدولحەمید مەجید، بەرێوەبەری بەدواداچوون و چاودێری لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاکی ماڵان، نووسراومان بۆ شارەوانییەکان نارد و داوامان لێ کردن، کە ڕای خۆیانمان پێ بڵێن بۆ ئەوەی بزانین کە ئایە پێیان باشە پارەکە چۆن و چەند وەربگیرێت".
گوتیشی: "ئێستا ڕای ھەندێک لە شارەوانییەکان گەڕاوەتەوە و دوای ئەوەی کە ڕای تەواوی شاروانییەکانمان پێگەشت و تاوتوێی پێشنیارەکانمان کردن، لەسەر بڕی پارەکە و شێوازی کۆکردنەوە بڕیار دەدەین و کاتێکیش بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی پارەکە دەستنیشان دەکەین، ھەروەھا بڕیاری ئەوەش دەدەین ئەو داھاتە بۆ چ بوارێک خەرج بکرێتەوە".
بەپێی بڕیارەکە، ھەر ماڵ، دوکان و شوێنێک لە بەرانبەر کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، پێویستە مانگانە بڕی 3 بۆ 5 ھەزار دینار بدات.
باسنیوز
