نهێنییەکی مەترسیداری داعش لە زانکۆی مووسڵ ئاشکرا دەبێت

نهێنییەکی مەترسیداری داعش لە زانکۆی مووسڵ ئاشکرا دەبێت
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) نهێنییەکی مەترسیداری رێکخراوی توندڕەوی داعشلە زانکۆی مووسڵ ئاشکرا دەکات.



رۆژی سێشەممە 7.2.2017، جیف دێڤیس، گوتەبێژی پنتاگۆن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، کە تیمە تایبەتییەکانی وڵاتەکەی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەگەری بەکارهێنان و دروستکردنی ماددە بنەڕەتییەکانی چەکی کیمیاوی لەلایەن داعشەوە، کردووە.



جیف دێڤیس هەروەها رایگەیاندووە، کە چەکدارانی داعش لە تاقیگەکانی زانکۆی مووسڵ پەرەیان بە چەکەکانیان داوە و توانیویانە ماددەی گازی خەردەل بەرهەم بهێنن، کە لە دروستکردنی چەک بەکاردێت.



گوتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ماددەیەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دروست کراوە زیاتر خەڵکی تووشی پێستخوران دەکات نەک کوشتن و چەکدارانی داعش لە دروستکردنی مووشەکەکاندا، بەکاریان دەهێنا.



پێشتر چەندین جار فەرماندەکانی پێشمەرگەی کوردستان هۆشدارییان دەدا و باسیان لەوە دەکرد، کە چەکدارانی داعش گازی کیمیاوی دروست دەکەن و لە دژی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەکاری دەهێنن.



جیف دێڤیس پێیوابوو دوای لەدەستدانی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵ، چەکدارانی داعش کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوییان گواستووەتەوە ناوچەکانی دیکە.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news--
Top