حەیدەر عەبادی لە نوری مالیکی جیادەبێتەوە

 حەیدەر عەبادی لە نوری مالیکی جیادەبێتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق جیا دەبێتەوە و پشت لە حزبی دەعوە دەکات.

رۆژی دووشەممە 6.2.3017، تاریق حەرب، شارەزای یاسای دەستووریی عێراقی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، بارودۆخی ئێستای عێراق لە بەرژەوەندیی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی حزبی دەعوەی ئیسلامییە.

تاریق حەرب پێیوایە دوای سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان بەسەر رێکخراوی توندڕەوی داعش و رزگارکردنەوەی زۆرینەی ناوچە داگیرکراوەکان، ئاستی جەماوەریی حەیدەر عەبادی بەرز بووەتەوە.

ئەو یاساناسە عێراقییە ئاماژەی بەوەش داوە، کە پێشبینی دەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی 3ـی 2017 حزبێکی نوێ دروست بکات و لە حزبی دەعوە جیا ببێتەوە، کە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و جێگری ئێستای سەرۆک کۆماری عێراق سەرۆکایەتی دەکات.

بە گوتەی تاریق حەرب، حەیدەر عەبادی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکات و رکابەریی نوری مالیکی دەکات، کە زۆرینەی سیاسەتمەدارانی عێراق پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی خاکی عێراقە لەلایەن داعشەوە و بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە حوکمی عێراقی دەکرد.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.













باسنيوز
Top