فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵی: هێزێكی زۆری سوپا گه‌یشتونه‌ته موسڵ بۆ ڕزگاركردنی به‌ری ڕاستی شاره‌كه
رائید شاكر جه‌وده‌ت له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ شه‌ممه، ڕایگه‌یاندووه، هێزه‌كانیان "له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان" بۆ دواقۆناغی ڕزگاركردنی موسڵ له‌ده‌ستی داعش.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو،هێزێكی زۆر له‌سوپای فیدراڵی به‌چه‌كی قورسه‌وه گه‌یشتوونه‌ته باشووری موسڵ ئێستا له‌ده‌ورووبه‌ری ناوچه‌ی گرده‌كانی ئه‌بوسف جێگیركراون.
هه‌فته‌ی ڕابردوو، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو، له‌ئۆپه‌راسیۆنی چاوه‌ڕوانكراوی ڕۆژئاوای موسڵ-دا"چه‌كی زیره‌ك" به‌كارده‌هێنرێت بۆ دۆزینه‌وه و تێكشكاندنی حه‌شارگه‌كانی چه‌كدارانی داعش.
عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سوڵ، بۆ كه‌ناڵی عێراقییه‌ی فه‌رمی سوربونی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شاكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ڕۆژئاوای موسڵ ڕاگه‌یاندبوو، به جۆرێك گیان و ماڵی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بپارێزرێت.
به‌وته‌ی ئه‌و به‌كارهێنانی چه‌كی زیره‌ك له‌ئۆپه‌راسیۆنی ڕۆژئاوای موسڵ بۆ زامنكردنی ژیانی مه‌ده‌نییه‌كانه، چونكه چه‌كدارانی داعش پێگه‌و شوێنه‌كانیان له‌ناوماڵه‌كانی هاوڵاتیاندایه.
هێزە ئەمنییەكانی عێراق ڕۆژی 29ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، لە چەند گەڕەكێكی بەشی چەپی باشووری ڕۆژهەڵاتی موسڵەوە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكەیان لە ژێر دەستی داعش دەستپێكرد.
رۆژی 21ی مانگی ڕابردوو فه‌رمانده‌ی هێزه‌عیراقییه‌كان، ئازادكرنی به‌رچه‌پی موسڵ واته به‌ری رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌یان به ته‌واوی ڕاگه‌یاندبوو، چاوه‌روانده‌كرێت له‌چه‌ندرۆژی داهاتوودا ئۆپه‌راسیۆنێك بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری رۆژئاوای موسڵ ده‌ستپێبكات.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له 17ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو به‌به‌شداری چوار هه‌زار پێشمه‌رگه له‌سێ میحوه‌ره‌وه ده‌ستیپێكردوو، له ده‌ورووبه‌ری شاره‌كه‌وه چه‌ندین ناوچه‌یان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌و ڕێگایان بۆ هێزه‌عێراقیه‌كان كرده‌وه ده‌ست به ئۆپه‌راسیۆنه‌كه بكه‌ن.
له‌سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ-ه‌وه تاناوه‌راستی مانگی ڕابردوو 600 گوند و شارۆچكه و گه‌ڕه‌ك به‌هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌و له داعش پاككراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه.
xandan -
