هێزەکانى هاوپەیمانان: پۆلیسی تایبەت بۆ موسڵ ئامادە دەکات
کەناڵی ئەی بی سی نیوز بڵاویکردووەتەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، لەو میانەیەشدا مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پۆلیسی موسڵ دەکەن ھەرچەندە بەتەواوی شارەکە کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
کارلۆس ئێگیدۆ کە وەکو ڕاھێنەر و ڕاوێژکار لەناو ھێزەکانی ھاوپەیماناندا کاردەکات بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە، لە ئاستێکی زۆر سەرەتاییەوە دەستمان کردووە بە مەشق و ڕاھێنانەکانمان، چونکە زۆرێک لەو کەسانە کە لەداھاتوودا دەبن بە پۆلیسی موسڵ لەپێشوودا مەشق و ڕاھێنانیان وەرنەگرتووە.
ژەنەراڵ ئەنجل کاستیڵا کە سەرپەرشتیاری مەشق وڕاھێنانە بە پۆلیسەکان ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە ئەو پۆلیسانە زۆر گرنگ دەبن بۆ سەقامگیری و ئاسایشی درێژخایەنی عێراق.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا سوپای عێراق بەری چەپی موسڵی کۆنترۆڵکردووە و لە حاڵەتی ئامادەباشیشدایە بۆ ھێرش کردنە سەر بەری ڕاستی شارەکە، بەڵام وەک بەرپرسانی سەربازی ڕایانگەیاندووە، کۆنترۆڵکردنەوە بەری ڕاست ڕێگری زیاتری ھەیە و سەرجەم پردەکان تەقیندراوەنەتەوە.
ZNA
