پەرلەمانی عێراق دەشتی نەینەوای وەك ناوچەیەكی وێرانكراو ناساند
ڤیان دەخیل، ئەندام پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ئێمە داوایەكمان پێشكەش كرد بۆ ئەوەی ناوچەی دەشتی نەینەوا بکرێتە ناوچەی وێرانكراو، دوو سێ جار بڕیارەكە لەلایەن پەرمانی عێراقەوە گۆڕدرا و دوا خرا، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە 2017 -1- 26 سەرەنجام دەنگی لەسەر درا".
گوتیشی: "بەپێی بڕیارەكە مووسڵ بە ناوچەیەكی وێرانكراو دادەنرێت، بەڵام ئێمە وەكوو پەرلەمانتارەكان تێبینیمان لەسەر بڕیارەكە هەبوو، چونكە ئەو قەزا و ناحیە و گوندانە كە وێران نەكراون نابێت بە وێرانكراو ئەژمار بكرێن، چونكە ئەوە سەرپێچی یاسایە، هەر ناوچەیەك ئەگەر لە 80%ی وێران كرابێت، ئەوكات بە وێرانكراوە هەژمار دەكرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، پێش 6 مانگ ناوچەی شنگال لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خرایە دەنگدان و بە ناوچەیەكی وێرانكراو هەژمار كراوە و بڕیاری قەرەبووكردنەوەشی بۆ دەرچووە.
دوای هێرشی داعش بۆ داگیرکردنی پارێزگای نەینەوا و كشانەوەی سوپای عێراق بەبێ بەرگری، لەو 2 ساڵەدا بەهۆی شەڕەوە بەشێكی زۆری ئەو ناوچانەی شەڕ تێیاندا رووی دا وێران بوون.
لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا زۆبەری قەزا و ناحیە و گوندەکانی دەشتی نەینەوا کە لە چەندین ئایینن و ئایینزای جیاواز پێک هاتووە، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئازاد کرا و ئێستا پێشمەرگە تێیاندا جێگیر کراوە.
باسنيوز
