فوئاد مەعسوم پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

فوئاد مەعسوم پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکات.



لە پەیامەکەیدا، کە رۆژی 25/1/2017 لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆڵاو کراوەتەوە، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق رێز لە قوربانییانی سوپای عێراق، دژەتیرۆری عێراق، پۆلیسی ئیتیحادی، حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و هێزە عەشایرییەکان لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەو داعش دەنێت.



پیرۆزباییەکەی فوئاد مەعسوم بەهۆی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵە، کە پێیوایە هەنگاوێکە بۆ سەرکەوتنی زیاتر و دەرکردنی چەکدارانی داعش ”لە داهاتووێکی نزیکدا“ لە بەری رۆژئاوا (راست)ی شارەکە.



رۆژی سێشەممە 24/1/2017، هێزە عێراقییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



پێشتریش لە رۆژی چوارشەممە 18/1/2017، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵات(چەپ)ی شاری مووسڵ‌یان راگەیاندبوو.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news -
Top