ئیئتیلافەکەی مالیکی داوای سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ عێراق دەکات
رۆژی سێشەممە 24/1/2017، خەلەف عەبدولسەمەد، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، ”پێویستە“ لە حوکمکردنی عێراق، کار بە رای زۆرینەی پەرلەمانی بکرێت.
بە کارکردن بە زۆرینەی پەرلەمانی، ئیدی پێکهاتەکانی کورد، تورکمان، مەسیحی و عەرەبی سوونە بە تەواوی پەراوێز دەخرێن، چونکە وەک ئامارەکان ئاماژەی پێ دەکەن، نزیکەی %60ـی هاووڵاتییانی عێراق شیعەمەزهەبن.
خەلەف عەبدولسەمەد پێیوایە سیستەمی سازانی نیشتیمانی زیان بە عێراق دەگەیەنێت و رایگەیاندووە، ”پێویستە سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت و ئیدی کار بە دابەشکاریی نەتەوەیی نەکرێت“.
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکات، کە نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافەکە و سەرۆک وەزیرانی پێشوو بگەڕێتەوە سەر حوکمڕانیی عێراق، کە جێی ناڕەزایی بەشێکی شیعەکان، پێکهاتەی عەرەبی سوننە و گەلی کوردستانە.
نوری مالیکی، کە ئیئتیلافەکەی خاوەنی زۆرترین کورسیی پەرلەمانییە، لە نێوان ساڵانی 2006-2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، هەروەک بەرپرسانی باڵای عەرەبی سوننە، کورد و تورکمان باسی دەکەن، بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە حوکمڕانیی کردووە.
لە سەردەمی حوکمڕانیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، هەزاران هاووڵاتیی کورد، تورکمان، مەسیحی و عەرەبی سوننەمەزهەب تیرۆر کراون و رێکخراوی توندڕەوی داعشیش نزیکەی نیوەی خاکی عێراقی داگیر کرد.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 ، کە بە سیستەمی سەرۆکایەتیی حوکمڕانیی عێراقی دەکرد، حزبە سیاسییەکانی عێراق رێککەوتن لەسەر گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە سەرفۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی و لە دەستووری عێراقیشدا چەسپاندیان، بە مەبەستی رێگرتن لە کۆبوونەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی کەسێک و گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت بۆ عێراق.
باسنیوز
