بەوێنە.. شارۆچکەی تلکێف بە تەواوی رزگار دەکرێتەوە
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19/1/2017، هێزە عێراقییەکان بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکان هێرشێکی فراوانیان کردە سەر شارۆچکەی تلکێف.
ئەفسەرێکی باڵای سوپای عێراق بە ماڵپەڕی (سپۆتنیک)ی رووسی راگەیاندووە، کە هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر دادگا، قایمقامییەت و شارەوانیی تلکێفدا گرتووە و شارۆچکەکەیان بە تەواوی رزگار کردووەتەوە.
ورەی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بە تەواوی رووخاوە و توانای شەڕکردنیان نەماوە، رۆژی چوارشەممەش رێکخراوەکە بانگەوازێکی بەپەلەی لەبەری رۆژئاوا (راست)ی مووسڵ بلاو کردەوە، تێیدا داوای بەهاناوەچوونی چەکدار و سەرکردە هەڵاتووەکانی لە بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شارەکە کرد.
لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە مانگی 10ـی 2016، هێزە عێراقییەکان شارۆچکەی تلکێفیان گەمارۆ داوە و ئەمڕۆ پێنجشەممەش چوونەتە ناو شارۆچکەکە.
رۆژی چوارشەممە 18/1/2017، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵات(چەپ)ی شاری مووسڵیان راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
