مووسڵ.. داعش دان بە شکستهێنان دەنێت
بەپێی زانیارییەکان، داعش لە بڵندگۆکانی بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ بانگەواز بڵاو دەکاتەوە بۆ بەهاناوەچوونی ئەو سەرکردانەی داعش، کە لە بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی مووسڵ بە رووباری دیجلەوە بەرەو بەری رۆژئاوا هەڵدێن.
داعش هەروەها داوای لە چەکدارەکانی کردووە ”بە شێوەیەکی تاکتیکی“ بەرەو بەری رۆژئاوا بکشێنەوە، ئەمەش راستەوخۆ داننانە بە شکستی رێکخراوەکە لە بەری رۆژهەڵات.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 گەڕەکی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ رزگار کراونەتەوە و هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر مزگەوتەکانی نەبی یونس و مزگەوتی گەورەی مووسڵدا گرتووە، جگە لە کۆنتڕۆلکردنەوەی پردەکانی شارەکە، کە هەردوو بەری مووسڵ بەیەکەوە دەبەستنەوە.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
