العربی الجدید: حەشدی شەعبی بەبیانووی داعش ھاووڵاتییانی دیالە دەستگیر دەکات

العربی الجدید: حەشدی شەعبی بەبیانووی داعش ھاووڵاتییانی دیالە دەستگیر دەکات
دوای ئەنجامدانی پرۆسەی دەستگیرکردنی ھەڕەمەکی لەلایەن چەکدارانی سەربە حەشدی شەعبی لە گوند و شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی شاری بەعقوبە لە پارێزگای دیالە بەبێ بوونی ھیچ بنەمایەکی یاسایی، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی چەند لێدوانێکیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە ئەوانە چەند شانەیەکی داعشن گەڕاونەتەوە سنووری ناوچەکە و سەرکردەکانی داعش دوای ڕاکردنیان لە موسڵ لەو ناوچانە جموجوڵیان دەستپێکردوە. سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەم پاساوە بۆ داپۆشینی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی خەڵکی سڤیل لەلایەن چەکداریەکانی خۆیانەوە بەکاردەھێنن.



بەپێی ڕاپۆرتێکی العربی الجدید، بەرپرسێک لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە گوتویەتی کە چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستیان گرتووە بەسەر حکومەتی ناوخۆیی لە پارێزگاکەدا بە تایبەت لیژنەی ئاسایش کە لەم ماوەیەدا ھەندێ ڕاپۆرتیان بڵاوکردۆتەوە کە چەند زانیارییەکی ھەواڵگریی تێدایە و باس لە بوونی سەرکردەکانی داعش دەکات لە ناوچەکەدا کە دوای ھەڵگیرسانی شەڕی موسڵ و ئەنبار ھاتوونەتە ناوچەکە بە تایبەت لە ناوچەکانی حەمرین و مقدادیە و بەعقوبە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە ئەو سەرکردانەی داعش خەریکی دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و ڕێکخستنەوەیەکی نوێن، ھەروەھا شانە نووستوەکان دەخەنە چالاکییەوە بۆ تێکدانی باری ئاسایشی دیالە و جێبەجێکردنی کردەی توندوتیژی و تەقینەوە لە پارێزگاکە.



ئەو ئەندامەی ئەنجومەن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بلاوکردنەوەی ئەو زانیاریانە لەلایەن حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی پرۆسەی ئەمنی و ھەلمەتی دەستگیکردنە لە پارێزگاکە بە بیانووی بوونی سەرکردەکانی داعش، لەبەرئەوەی ماوەیەکە پارێزگاکە ئاسایشی بەخۆیەوە بینیوە ھەندێ لایەن ھەن نایانەوێت بارودۆخەکە سەقامگیر ببێت، چونکە بەبێ بوونی پشێوی ناتوانن ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن.



ھەروەھا بە بیانووی بوونی شانەی داعش لە پارێزگاکە حەشدی شەعبی دەیەوێت ژمارەی چەکدارەکانی زیاتر بکات و پرۆسەی دەستگیکردن و وێرانکردن ئەنجام بدات لەژێر پاساوی بوونی داعش و ئەمەش وادەکات کە بتوانن دەست بەسەر ھەموو ناوچەکەدا بگرن و چەکدارانیان لە ھەموو شوێنەکان بڵاوە پێبکەن.
payamner -
Top