سوپای عێراق هەوڵدەدات مەزارگەی نەبی یونس کۆنترۆڵ بکاتەوە
كاژێری 07:00 ی بەیانی رۆژی دووشەممە 16-1-2017، هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر چەکدارانی داعش دەستی پێكردەوە و، ئێستا لە گەڕەکی دەرگەزلی و فەیسەڵییە لە شەڕێکی قورسدان.
سوپای عێراق هەوڵدەدات گەڕەك و مەزارگەی نەبی یونس کۆنترۆڵ بکاتەوە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی موسڵ. نێردراوی رووداو دەڵێت ئێستا لە چوارڕیانی مەزارگەی نەبی یونس شەڕ و پێكدادانێكی قورسە.
فەرماندە سەربازییەکانی سوپای عێراق دەڵێن، بە گەیشتنی سوپا بۆ مەزارگەی نەبی یونس، داعش تووشی شکستێکی گەورە دەبێت و ناوچەیەکی گرنگی موسڵ لەدەستدەدات، چونکە مەزارگەی نەبی یونس لە نێوەڕاستی شاری موسڵە و شوێنێكی ستراتیژی هەیە.
لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكان، فڕۆكە جەنگییەكان بە ئاسمانی موسڵ دەسوڕێنەوە و چاودێری جموجۆڵی چەكدارانی داعش دەكەن، بەڵام هەلیكۆپتەرە ئاپاچییەكان كە بەفەرمانی عەبادی هەڵدەفڕن، ئەمڕۆ لە ئاسمانی موسڵ نابیندرێن.
سێ مانگە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەستی پێكردووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 60 گەڕەك، واتە 80% بۆ 90% ی رۆژهەڵاتی موسڵی كۆنترۆڵكراوەتەوە، پەیامنێری رووداو گوتی "لەكۆی پێنج پرد، تەنیا یەك پر (پردی سێیەم) و كەمتر لە 10 گەڕەكی بەری رۆژهەڵات لەدەست داعش ماون".
بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی چەكدارەكانیان لە بەری رۆژهەڵات، داعش پشت بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەبەستێ و بەردەوام روومانە و بۆمب بەسەر هێزە عێراقییەكان دەخەنەخوارەوە.
payamner-
