پەرلەمانتارێک: بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ بە تەواوی رزگار بووەوە
پەرلەمانتارێکی پارێزگای نەینەوا رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵ رادەگەیەنێت و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش رەتی دەکاتەوە.
رۆژی هەینی 13/1/2017، عەبدولڕەحیم شەمەری، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەند شانەیەکی کەمی چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش تەنها لە گەڕەکی عەرەبی لە بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ ماون و هێزە عێراقییەکان خەریکی پاککردنەوەی ئەو گەڕەکەن.
عەبدولڕەحیم شەمەری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێستا بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ بە تەواوی رزگار بووەتەوە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق ئەو لێدوانە رەت دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە هەرچەندە پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەری رۆژهەات بە تەوای رزگار نەکراوەتەوە.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
