سوپای عێراق دوو گەرەکی تری لە شاری موسل ئازاد کرد
لە بەیاننامەیەکدا، شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی، گەڕەکەكانی سۆمەر و ساهیرون-یان لە لای چەپی موسڵ کۆنترۆڵکردەوە و ئاڵای عێراق-یان لەسەر هەڵکردوون.
ئەوە لە کاتێکدایە، فەریق رائید شاکر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی رۆژی چوارشەممە 11-1-2017 کۆنترۆڵکردنەوەی گەڕەکی ساهیرون-ی راگەیاندبوو. رۆژی 29-12-2016، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە وەستاندنی هێرشەکان، قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستیپێكرد.
بەپێی لێدوانی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق، كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژهەڵاتی موسڵ (بەری چەپ) زۆری نەماوە و تەنیا چەند رۆژێكی كەمی دیكەیان پێویستە بۆ ئەوەی سەرجەم گەڕەكەكان كۆنترۆڵبكەنەوە.
هاوكات هێزی دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە 85%ی بەشی لای چەپی ئەو شارە کۆنترۆڵبکەنەوە، بەڵام کۆنترڵکردنەوەی تەواوی موسڵ سێ مانگی دیکە دەخایێنێت.
لیوا روکن حەیدەر فازڵ، بەرپرس لە هێزی دژە تیرۆری عێراق دەڵێت، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی گەڕەکەکانی سدیق و بەشەکانی دیکەی گەڕەکی حەدبا لە لای چەپی شاری موسڵ، هێزەکانیان توانیویانە 85%ی بەشی رۆژهەڵاتی ئەو شارە کۆنترۆڵبکەنەوە. هاوكات فەریق روکن تاڵب ئەلشەغاتیم، بەرپرسی دژەتیرۆری عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی موسڵ سێ مانگی دیکە دەخایێنێت.
شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە 17-10-2016 دەستیپێكرد و دوو رۆژ پێش ئێستاش هێزە عێراقییەکان توانیان بۆ یەکەمجار بگەنە سەر رووباری دیجلە.
payamner-
