ڕاوێژکارێکی قاسم سولەیمانی وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق دەستنیشان کرا
ماڵپەڕی حکوومەتیی "عەسری ئێران" لەم بارەوە بڵاو کراوەتەوە "ئیرەج مەسجدی، وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا و لە جێگەی حەسەن دانایی فەر دەستنیشان کراووە و ئەو کەسە یەکێکە لە ڕاوێژکارە باڵاکانی قاسم سولەیمانی."
ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەش کردووە "باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا یەکێک لە ناوەندە ستراتیژییەکانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات و هەڵبژاردنی باڵیۆز بۆ ئەو شوێنە گرنگیی خۆی هەیە."
ئیرەج مەسجدی، لەناو سوپای پاسداران پۆستی فەریقی هەیە و بەمزوانە بە فەرمی دەست بەکارەکانی دەکات.
حەسەن دانایی فەر کە ماوەی شەش ساڵە وەک باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کار دەکات، کۆتایی بە کارەکانی دێنێت، هەتا ئیرەج مەسجدی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە ڕەوانەی بەغدا بکرێت.
لە حاڵێکدا ئیرەج مەسجدی وەک کەسێکی سەربازی لەباتی پۆستێکی سیاسی و نوێنەری دەزگای دیپلۆماسیی ئیران ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، کە عێراق لەناو شەڕێکی قووڵ لەگەڵ داعشە و سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە عێراق ئامادەیە و بە گوتەی چاودێرانی سیاسی و وڵاتانی بیانی سوپای قودس یەکێک لە پاڵپشتەکانی حەشدی شەعبییە.
باس
