تورکیا بانگهێشتی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق دەکات

 تورکیا بانگهێشتی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق دەکات
تورکیا بۆ قسەکردن لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بانگهێشتی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق دەکات بۆ ئەنقەرە.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)، فکری ئیشک، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، بانگهێشتکردنی عوسمان غانمی، بریکاری وەزیری بەرگریی و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بە ئاگاداریی مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و خولوسی ئاکار، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا بووە.



فکری ئیشک هەروەها رایگەیاندووە، کە لەکاتی چوونی عوسمان غانمی بۆ ئەنقەرە، تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لە نزیک شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا دەکەن.



پێشتر دوای سەردانەکەی بۆ عێراق، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند، کە هێشتا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەیان نەداوە، کە بە پێچەوانەوە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر کشاندنەوەی ئەو هێزانە رێککەوتوون.



تورکیا کشاندنەوەی ئەو هێزانەی بە دەرکردنی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبەستێتەوە، کە لە شاری شگال جێگیرکراون و حکوومەتی عێراقیش لە چوارچێوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چەک و مووچەیان بۆ دابین دەکات.



ئەو هێزەی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە پاسەوانی نەینەوا، کە لە گەنجانی سوننەمەزهەبی پارێزگای نەینەوا پێکهێنراوە، لە نزیک شارەدێی باشیک و بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێگیر بوون و بوو بە یەکێک لە هۆکارە هەرە زەقەکانی ناکۆکی و دروستبوونی کێشە لە نێوان تورکیا و عێراق.






باسنیوز
Top