فوئاد مەعسوم: رەفسەنجانی هەر دۆستی ئێمە بوو
لە پەیامەکەیدا، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای دەربڕینی ”داخ و پەژارەی زۆر“ بۆ کۆچی دوایی هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی پێشووتری ئێران، رایگەیاندووە، ”پرسە و ماتەمینیی قوڵ بۆ ئێوە و گەلی ئێرانی دۆست و خانەوادە و كەس و كاری كۆچكردو دەردەبڕین“.
فوئاد مەعسوم هەروەها لە پەیامەکەیدا، کە بۆ ”فەخامەتی“ حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە، رایگەیاندووە، ”وڵاتەکەمان وەک دۆستێک“ هاشمی رەفسەنجانی دەناسێت و ”لە ساتە زۆر دژوارەكاندا“ هاوسۆزی گەلی عێراق بووە.
دەقی پەیامەکەی مەعسوم بۆ رۆحانی:
“فەخامەتی سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران دكتۆر حەسەن رۆحانیی بەڕێز،
بەداخ و پەژارەی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رەیژێم لە كۆماری ئیسلامیی و سەرۆكی پێشوتر شێخ هاشمیی رەفسنجانیی مان پێگەیشت كەوڵاتەكەمان وەك دۆستێك دەیناسێت لە ساتە زۆر دژوارەكاندا هاوسۆزیی بووە، لە كاتێكدا بۆ ئەم كۆستە قورسە گەرمترین ماتەمینییتان پێشكەش دەكەین، پرسە و ماتەمینیی قوڵ بۆ ئێوە و گەلی ئێرانی دۆست و خانەوادە و كەس و كاری كۆچكردو دەردەبڕین، بەو پەڕی شانازیشەوە یادی پێگەی مەزنی كۆچكردو دەكەینەوە لە هەردو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، لە پەروەردگارمان داوایە كۆچكردو بخاتە بەر بەزەیی خۆی و بە بەهەشتیی بەرینی شاد بكات و سەبوریی بە ئێوەش ببەخشێت.
انا لله وانا الیە راجعون
فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆماری عێراق"
باسنیوز
