ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی مووسڵ رزگار دەکرێنەوە

 ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی مووسڵ رزگار دەکرێنەوە
هێزە عێراقییەکان لە چوار چێوەی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی شارەکە رزگار دەکەنەوە و سەدان چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش دەکوژن.



عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی (هاتین ئەی نەینەوا) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان پاڵپشتییەکی تەواویان کردوون و ئەوانیش توانیویانە ژمارەیەک گەڕەکی دیکە رزگار بکەنەوە.



بە گوتەی عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، هێزەکانیان توانیویانە هەر چوار گەڕەکی (ریفاق، وحدە، پزیشکان یەک و پزیشکان دوو) لە بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی مووسڵ رزگار بکەنەوە.



ئەو فەرماندە عێراقییە هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزە عێراقییەکان سەرکەوتوو بوون لە کۆنتڕۆلکردنەوەی ئەو چوارڕیانەی بەرەو پردی چوارەمی مووسڵ دەچێت و لە شەڕەکانی رۆژی شەممە 7/1/2017شدا لە سەرجەم گەڕەکەکانەوە، زیاتر لە 270 چەکداری داعشیان کوشتووە.



لە قۆناغی یەکەمدا، 40 گەڕەکی بەری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ رزگار کرانەوە.



رۆژی پێنجشەممە 29/12/2016، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا، هێزە عێراقییەکان 40 گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردەوە.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.









باسنيوز
Top