بەغدا.. حەوت دەزگای میدیایی نووسینگەکانیان لە ترسی میلیشیاکان دادەخەن
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەری (عەرەبی جەدید) بە ناونیشانی ”وەرزی کۆچ بۆ هەولێر“، عومەر عەبدولڕەحمان، رۆژنامەنووسی عێراقی رایگەیاندووە، کە لە بەغداوە هاتووەتە هەولێر تاوەکو ”پارێزگاریی لە پیشەکەم بکەم و بە ئازادیی و دوور لە ترس کاری میدیایی خۆم بکەم“.
عومەر عەبدولڕەحمان پێیوایە حکوومەتی عێراقی بێ هێزە و ئێستا میلیشیاکان لە بەغدا حوکمڕانی دەکەن.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی شاری بەغدا، ”لە هەولێر یاسا حوکم دەکات و سیستەم هەیە“، لە سێ مانگی رابردوودا حەوت دەزگای میدیایی عێراقی و بیانی نووسینگەکانیان لە بەغدا گواستووەتەوە بۆ هەولێر، جگە لە کۆچی 26 رۆژنامەنووسی بیانی و نۆ رۆژنامەنووسی عێراقی بۆ هەولێر.
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2016، 12 رۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون و 23ـی دیکەش بریندار بوون، سەرەڕای دەستدرێژیکردنە سەر و رفاندنی 89 رۆژنامەنووسی دیکە.
دوایین دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووسان لە بەغدا بریتی بوو لە رفاندنی خاتوو ئەفراح شەوقیی رۆژنامەنووس لەلایەن 15 چەکداری دەمامکدراو لە باشووری شاری بەغدا.
bas news-
