لێبوردنی نێودەوڵەتی: حەشدی شەعبی تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات

لێبوردنی نێودەوڵەتی: حەشدی شەعبی تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تاوانی جەنگی ئەنجام دەدەن و چەکی 16 وڵاتیش بەکار دەهێنن.



لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی پێنجشەممە 5/1/2017 بڵاوی کردووەتەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) رایگەیاندووە، کە چەکدارانی سەر بە مئیلیشیاکانی حەشدی شەعبی ”لە دەرەوەی یاسا خەک لەسێدارە دەدەن و هاووڵاتییان ئازار دەدەن و دەیانڕفێنن“.



لە راپۆرتەکەی ئەمنستیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە حکوومەتی عێراق کارئاسانی دەکات بۆ پێدانی چەک بە چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و کۆگاکانی ئەو میلیشیایانە ”چەکی گەورە و بچووکی دروستکراوی 16 وڵاتیان تێدایە، لەوانە چینی، عێراقی، ئێرانی، رووسی، ئەمریکی و ئەوروپی“.



هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو میلیشیایانە بەشێک لە چەک و تەقەمەنییەکانیان راستەوخۆ لە ئێرانەوە وەک دیاری یاخود بە کڕین، بۆ دەچێت.



لە کۆتایی مانگی 11ـی 2016، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد، کە بەهۆیەوە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەک هیزێکی فەرمی ناسران و بودجەیان بۆ دیاری کرا، کە پەرلەمانتارانی بزووینەوەی گۆڕانیش دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
bas news-
Top