پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسایەك بۆ پاراستنی مامۆستایان ئامادە دەکات

پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسایەك بۆ پاراستنی مامۆستایان ئامادە دەکات


لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژە یاسایەكی بۆ پاراستنی مافەكانی مامۆستایانی عێراق ئامادە كردووە و ڕادەستی پەرلەمانی عێراقی دەكات.



سیروان سیرینی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "ئامانج لە دەركردنی ئەو پرۆژە یاسایە، پاراستنی مافەكانی مامۆستایانە، چونكە مامۆستایان چینێكی تایبەتی كۆمەڵگەن و دەبینین ڕۆژانە مافەكانیان پێشێل دەكرێت."



بە گوتەی سەرۆكی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاساكە پێكهاتووە لە كۆمەڵێك خاڵ كە تێیدا مافەكانی مامۆستایان پارێزراو دەبن و وتیشی: "پرۆژەكەیان ڕەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و دوای پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساكە و پەسەندكردنی لەنێو ئەندامانی پەڕلەمان، دەخرێتە دەنگدانەوە."



چەند خاڵێكی گرنگی پرۆژە یاساكە بریتین لە:



بەپێی پرۆژە یاساكەی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق، هەر كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەر مامۆستا لە ناوەوە، یان لە دەرەوەی خوێندنگە، سزاكەی بەندكردن دەبێت لە 3 مانگەوە بۆ 3 ساڵ.



هاوکات هەمان سزا بۆ ئەو كەسانە جێبەجێ دەكرێت كە داوای عەشایەری و نایاسایی دژی مامۆستا پەیڕەو دەكەن، وەك داواكردنی پارە لەڕێی سوڵحی عەشایەریییەوە، لەو كاتەشدا مافی حکوومەت وەكوو خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر لێخوشبوونیشی لەسەر كرا. ئەوەشی تیدا هاتووە كە هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نییە مامۆستا لەسەر هیچ سكاڵایەك دەستگیر بكات، تا لیژنەیەكی پەروەردە لەلایەن سەندیكای مامۆستایانەوە لیكۆڵینەوە لە سكالاكە نەكات، چونكە مامۆستا جێگای تەقدیری بەرزی زانستییە.



خوێندنگە حەرەمێكی پیرۆزە و نابێت هیچ چالاكییەكی حزبیی تێدا بكرێت و چەكیش بە هەموو شێوەیەك تێیدا قەدەغەیە.



لێكۆلینەوە لەگەل مامۆستا بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری سەندیكای مامۆستایان ئەنجامدانی نایاسایە.


bas news-
Top