قۆناخی دووەمی شەڕی موسڵ دەستپێدەکات

قۆناخی دووەمی شەڕی موسڵ دەستپێدەکات

فەرماندەی فیرقەی زێڕینی رایگەیاند، لە 48 كاژێری داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەست پێدەكاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئەمریکا بەچەکی قورس بەشداریی دەکات و داوای لە هێزە عێراقییەکان کردووە، پێش کۆتایی ساڵ بەشی چەپی شارەکە کۆنترۆڵ بکرێتەوە.

لیوا فازڵ بەرواری، فەرماندەی فیرقەی زێڕینی سوپای عێراق رایگەیاند، داعش لە تێكشان و شەڕی بەرگرییدایە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوو بەری چەپی موسڵ بە تەواوی كۆنترۆڵ دەكەنەوە.

لەگەڵ بەردەمی شەڕ، خەڵكی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان بە ناوچەكانیان شاد دەبنەوە، كڵێسای حەمدانیەش لەو شوێنانە بوو، كە بەهۆی كۆنترۆڵكردنەوەی لەدەستی داعش، دوای دوو ساڵ مەراسیمی كریسمسی تێدا بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمی كریسمس له حەمدانیە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی شەڕی موسڵیش بەشداربوون.

فەریق روکن ریاز جەلال، فەرماندەی هێزی وشکانی عێراق رایگەیاند بۆ قۆناخی دووەمی شەڕی موسڵ هاوئاهەنگی باش لەگەڵ هاوپەیمانان، پێشمەرگە و سەرجەم بەشەكانی سوپای عێراق كراوە.

رووداو زانیویەتی دوو رۆژ بەر لە ئێستا بڕیار بووە یەکەم تەقەی قۆناخی دووەمی شەڕ دەستپێبکات، بەڵام خراپی کەشوهەوا لەبار نەبووە بۆ ئەوەی دەستپێبكات.

68 رۆژ بە سەر دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ تێپەڕیوە، تاوەكو ئێستا هێزە عێراقییەكان 40 گەڕەكی بەری چەپی شارەكەیان كۆنترۆڵكردووتەوە، بە هۆی كەشوهەوا هەندێك هێرشی پێچەوانەی داعش بۆ سەر چەند گەڕەكێكی شارەكە ئۆپەراسیۆنەكە وەستاوە.

عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، قۆناخی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بە سەركەوتن و دەستكەوتێكی گەورە كۆتایی هات، ئێستا رێژەی 44% خاكی پارێزگای نەینەوا لە لایەن سەرجەم هێزە عێراقییەكان بە پێشمەرگە، سوپا، حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە، كە دەكاتە 46 گەڕەك.
payamner-
Top