ئاماری كوژراوانی عێراق لە ساڵی 2016 ئاشكرا كرا

ئاماری كوژراوانی عێراق لە ساڵی 2016 ئاشكرا كرا

بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 2016 دا لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، 12 هەزار و 38 كەس بەهۆی رووداوە تووندوتیژییەكانەوە كوژراون، 14 هەزار و 411 كەسیش برینداربوونە.

نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) لە ساڵی 2016 دا سەرجەم تەقینەوە و شەڕ و كردەوە تووندوتیژییەكانی عێراق و باشووری كوردستانی رووپێو كردوون، بەپێی ئامارەكە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 12 هەزار و 38 كەس كوژراون و 14 هەزار و 411 كەسیش برینداربوونە.

زۆربەی تەقینەوە و توندوتیژییەكان لە پایرێزگاكانی بەغدا، سەلاحەدین، موسڵ، كەركووك، ئەنبار و دیالە تۆماركراون، زۆرترین تەقینەوەش لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدراون.

لە ئامارەكەدا كوژراوان جیاكراونەتەوە و ئاماژە بەوەكراوە، 6 هەزار 492 كوژراویان هاووڵاتی مەدەنی بوونە، 5 هەزار و 456 كەسیش لە بواری سەربازی كاریان كردووە.

رێژەی تووندوتیژییەكان لە مانگەكانی (9، 10، 11 و 12) بەرزبووتەوە، بەجۆرێك لەو چەند مانگەی كۆتاییدا 5 هەزار 683 كەس كوژراون، ئەمەش دەكاتە نیوەی ژمارەی قوربانییەكانی ئەمساڵ.

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە رۆژی 17-10- 2016 دا، ئاماری كوژراو و بریندارەكان زیاتر بووە، بەشی زۆریشیان بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، پشتێنەی بۆمبڕێژكراو، تەقەكردن و رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی نێوان هێزە عێراقییەكان و داعش بووە.
payamner-
Top