پاسەوانی نەینەوا دوو سەرکردەی داعش دەستگیر دەکات

 پاسەوانی نەینەوا دوو سەرکردەی داعش دەستگیر دەکات
هێزی پاسەوانی نەینەوا دوو سەرکردەی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە باکووری مووسڵ دەستگیر دەکات.

زوهێر ئەلجبوری، گوتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا (حەشدی نیشتیمانیی پیشوو)، کە ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا فەرماندەیی دەکات، رایگەیاندووە، کە ئەو دوو سەرکردەیەی داعش عەرەبی ناعێراقین و لە میحوەری بەعوێزە لە باکووری شاری مووسڵ دەستگیر کراون.

هەروەک زوهێر ئەلجبوری رایگەیاندووە، هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا، کە لە گەنجانی سوننەمەزهەبی سنووری پارێزگای نەینەوا و بۆ رزگارکردنەوەی پارێزگاکەیان دامەزراوە، لە ناوچەی بەعوێزە بۆسەیەکیان بۆ ئەو دوو سەرکردەیەی داعش داناوە و و توانیویانە دەستگیریان بکەن، دواتر بۆ لێکۆڵینەوە، رادەستی فیرقەی 16ـی سوپای عێراق کراون.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.











باسنيوز
Top