بزووتنەوەیەکی مەسیحی هۆشداریی دەداتە حەشدی شەعبی
رەیان کلدان، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی مەسیحییەت لە عێراق (بابلیون) لە بەیاننامەیەکدا، ئیدانەی هێرشکردنە سەر کڵێسایەکی لە شاری بەغدا کرد، کە بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەسیحی گیانیان لەدەست دا و دوویی دیکەش بریندار بوون.
رەیان کلدان هێزە ئەمنییە عێراقییەکانی بە کەمتەرخەم داناوە لە پاراستنی مەسیحییەکان و رێوڕەسمەکانیان و ئەمەش بزووتنەوەکەی هان دەدات بیر لە کشانەوە لە حەشدی شەعبی بکاتەوە، ”تاوەکو دەست بەتاڵ بین و بەرگریی لە کڵێساکانمان بکەین“.
هێرشەکە، کە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە ئەنجام دراوە لە کاتێک دابوو، کە مەسیحییەکان لە کڵێسایەک لە گەڕەکی ئەلغەدیر لە بەغدا خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون بەبۆنەی ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا (د. خ.).
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
باسنيوز
